" رەجەب تەیب ئەردۆغان پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە"

کوردستان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 162

راچڵەكین-

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت،  رەجەب تەیب ئەرۆدغان-ی سەركۆماری توركیا بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردووەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی نیسان، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عیراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرككۆماری توركیا و شاندێكی یاوەری، گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان؛ مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیران؛ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.

لەبارەی سەردانەكەوە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان:" ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هاریكاریی هاوبەش و برەودانی زیاتر به پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان نیشان دا، هەروەها داكۆكی لە پێویستیی و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكان و مسۆگەركردنی مافی پێكهاتەكان كردەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە

سەركۆماری توركیا بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2024/4/22 لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق، بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا و شاندێكی یاوەری، گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.
 
دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا سەردانی ئەمڕۆی سەرۆك ئەردۆغان بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی فیدراڵ، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانی و هاریكاریی ئەمنیدا، تاوتوێ كران.
 
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری توركیا لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ناوچەكە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت، هەروەها سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی توركیای بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا، كرد.
 
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لە ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ توركیادا كردەوە، هەروەها باسی لە دەرفەتەكانی كار و وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا توركییەكان لە هەموو بوارەكاندا كرد و سوپاسی كردن كە لە دۆخی سەختی ئابووریشدا، بەردەوامییان بە كار و ئەنجامدانی پرۆژەكان داوە. 
 
لای خۆیەوە سەرۆك ئەردۆغان بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هاریكاریی هاوبەش و برەودانی زیاتر به پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان نیشان دا، هەروەها داكۆكی لە پێویستیی و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكان و مسۆگەركردنی مافی پێكهاتەكان كردەوە. 
 
ڕێككەوتتنامە و یاداشتەكانی لێكگەیشتنی توركیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكه بەگشتی و ‌چەند باس و بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن