بەریتانیا پرۆژەیاسای ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا پەسەند کرد

جیهان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 180

راچڵەکین-

پەرلەمانی بەریتانیا پرۆژەیاسای تایبەت بە ناردنی پەنابەران بۆ رواندای پاش چەندین مانگ گفتوگۆ و مشتومڕ پەسەند کرد.

بەپێی پرۆژەیاساکە، بە پلانێکی پێنج ساڵە، ئەو پەنابەرانەی کە دەڕۆنە بەریتانیا بۆ داواکردنی مافی پەنابەری، لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە رەوانەی وڵاتی رواندا دەکرێن بۆئەوەی لەوێوە بەدواداچوون بۆ کەیسی پەنابەرییەکەیان بکرێت.

 

رواندا وڵاتێکی بچووکی بەوشکیی گەمارۆدراوە لە ناوەڕاستی ئەفریقا، کە 6500 کیلۆمەتر لە بەریتانیاوە دوورە و تا ئێستا هیچ پەنابەرێک رەوانەی ئەو وڵاتە نەکراوە.

بەپێی یاساکە، ئەگەر کەیسی پەنابەران سەرکەوتوو بوو، مافی پەنابەری وەردەگرێت و رێگەی پێدەدرێت لە بەریتانیا نیشتەجێ بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر کەیسەکەی سەرینەگرت، ئەوا دەتوانن داوای مافی پەنابەری لە رواندا یان وڵاتێکی "پارێزراو"ی دیکە بکەن.

هیچ پەنابەرێک ناتوانێت لەدوای رەتکردنەوەی کەیسەکەی، داوای گەرانەوە بۆ بەریتانیا بکات. هەر کەسێکیش لە مانگی 2ی ساڵی 2022ەوە بەشێوەی "نایاسایی" رۆشتبێتە بەریتانیاوە، دەنێردرێتە رواندا.

حکومەتی بەریتانیا لەو باوەڕەدایە ئەم یاسایە دەبێتە رێگرێک لەوەی پەنابەران بە بەلەمی بچووک لە ئاوی "مانش" لە فەڕەنساوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 2023دا، 29،437 کەس لە ئاوی "مانش"ەوە تێپەڕین بۆ بەریتانیا، کە ئەم رێژەیە بەراورد بە ساڵی پێشوو 36 لەسەد دابەزیوە.

بەڵام رێژەکە بۆ سەرەتای ساڵی 2024 تا ئێستا دیسان بەرزبووەوە، 6265 کەس رۆشتوونەتە بەریتانیا کە ئەم رێژەیە لەچاو رێژەی ساڵی پار 25 لەسەد زیادی کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن