ئەمریکا بەنهێنی مووشەکی دوورهاوێژی بەئۆکرانیا داوە

جیهان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 138

راچڵەکین-

بەرپرسانی ئەمریکا پشتراستیان کردەوە کە ئۆکرانیا مووشەکی بالیستیکی دوورهاوێژی لەدژی رووسیا بەکاردەهێنێت، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەنهێنی بۆیان دابین کراوە. باس لەوەش دەکرێت ئەم جۆرە مووشەکە دەتوانێت گۆڕانکاری لە دۆخی جەنگەکە دروست بکات.

ئەم هاوکارییە وەکو بەشێک بووە لەو هاوکارییە 300 ملیۆن دۆلارییەی کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە مانگی سێ پەسەندی کرد و مانگی پێشوو رادەستی ئۆکرانیا کرا.

ئەمە لە کاتێکیشدایە کە جۆ بایدن لەمدواییانەدا هاوکارییەکی دیکەی سەربازی بەبڕی 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەندکردووە.

جۆ بایدن مانگی دوو رازی بووە ئەم مووشەکە دوورهاوێژانەی کە 300 کیلۆمەتر ئامانجەکەی دەپێکێت، بەشێوەی نهێنی بە ئۆکرانیا بدات.

پێشتر ئەمریکا سیستەمی مووشەکی ناوەندهاوێژی بە ئۆکرانیا دابوو، بەڵام خۆی بەدوور گرتبوو لە  پێدانی مووشەکی دوورهاوێژ.

ڤێدانت پاتل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لەسەر داوای ئۆکرانیا و بەهۆکاری ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئەم بابەتە بەشێوەی نهێنی مابوویەوە.


لە ئێستادا دیار نیە ئەمریکا چەند مووشەکی دوورهاوێژی بۆ ئۆکرانیا ناردووە، بەڵام ڤاک سالیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن بەنیازە ژمارەیەکی زیاتریش پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات.

دەشڵێت، ئەم مووشەکانە لە جەنگەکەدا جیاوازی و گۆڕانکاری دروست دەکات.

هێزەکانی ئۆکرانیا لە مانگەکانی دواییدا دووچاری کەمیی لە ئازووقە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی بوونەوە، بەرپرسانی وڵاتەکەش، هۆکاری کوشتن و لەدەستدانی زیاتری خاکەکەیان، دواکەوتنی ئەمریکا و هاوکارە رۆژئاواییەکانی دیکەیان لە ناردنی هاوکاری سەربازی بە ئۆکرانیا دەزانن.

لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە 24ی مانگی 2ی 2022 تاوەکو ئەمڕۆ، دەیان هەزار کەس کە زۆرینە سەربازبوون، لە هەردوو لایەن کوژراون و برینداربوون، ملیۆنان کەسیش لە ئۆکرانیا ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن