لەسەر خنکانی پێنج کۆچبەر لە بەلەمێکدا سێ کەس دەستگیردەکرێت

جیهان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 254

راچڵەکین-

دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەری کە 110 کەسی لەسەر بووە و ویستوویەتی بپەڕێتەوە بەریتانیا، ژێرئاو دەکەوێت و پێنج کەس دەخنکێن، کە لەناویاندا کوردیشی تێدا بووە. پۆلیسی بەریتانیاش دەڵێت سێ کەس لەسەر رووداوە دەستگیرکراوە.

ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان - NCA لە بەریتانیا رایگەیاندووە: "سێ کەسی بەرەگەز سوودانی، بە تۆمەتی رێکخستنی گەشتی نایاسایی بۆ کۆچبەران و بڕینی سنووری بەریتانیا بە نایاسایی کە خنکانی پێنج کەسی لێکەوتەوە، دەستگیرکراون."

پۆلیسی فەڕەنساش ئاماژەی بەوە کردووە، روون نییە کە ئایا بەلەمەکە ژێر ئاو کەوتووە، یاخوود کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە.

ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی کە لە بەلەمەکەدا خنکا ئاشکرا بووە کە کوردە، ناوی ژیلان محەممەدی تەمەن 24 ساڵ بووە، خەڵکی شاری قەڵادزێ بووە.

کەناڵی ئینگلیز یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی، کۆچبەران بۆ گەیشتن بە خاکی بەریتانیا پەنای بۆ دەبەن و ساڵانە چەندین کۆچبەر لەو رێگایەدا گیان لەدەست دەدەن و بێسەروشوێن دەبن.

رووداوەکە بەماوەیەکی کەم دوای ئەوە دێت، پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسند کرد، ئەگەر ئەنجوومەنی لۆردەکانیش پەسندی بکات، بەوتەی ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەماوەی 10 بۆ 12 هەفتەی دیکە، یەکەم کاروانی کۆچبەران بە فڕۆکە دەنێردرێن بۆ رواندا تاوەکو کەیسەکانیان یەکلادەکرێتەوە.

 

بەپێی یاساکە، ئەگەر کەیسی پەنابەران سەرکەوتوو بوو، مافی پەنابەری وەردەگرێت و رێگەی پێدەدرێت لە بەریتانیا نیشتەجێ بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر کەیسەکەی سەرینەگرت، ئەوا دەتوانن داوای مافی پەنابەری لە رواندا یان وڵاتێکی "پارێزراو"ی دیکە بکەن.

هیچ پەنابەرێک ناتوانێت لەدوای رەتکردنەوەی کەیسەکەی، داوای گەرانەوە بۆ بەریتانیا بکات. هەر کەسێکیش لە مانگی 2ی ساڵی 2022ەوە بەشێوەی "نایاسایی" رۆشتبێتە بەریتانیاوە، دەنێردرێتە رواندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن