حە.ماس ئامادەیی خۆی بۆ راگرتنی جەنگ بەمەرجێک راگەیاند

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 321

راچڵەکین-

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس کە سەرۆکی لیژنەی بزووتنەوەکەیە لە دانوستانەکانی ئەمدواییانەی حەماس و ئیسرائیل لە قاهیرە، رایدەگەیەنێت، کە تەنها بەمەرجی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستین ئامادەن شەڕ راگرن و چەک دانێن.


خەلیل ئەلحەییە لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس ئاشکرای کردووە، کە حەماس ئامادەیە بەمەرجی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر سنوورەکانی ساڵی 1967 چەک دانێت و ببێتە حزبێکی سیاسی.


بەوتەی ئەو بەرپرسە، حەماس ئامادەیە بۆ ئاگربەستی پێنج ساڵە یان زیاتر، لە ئەگەری بەدیهاتنی خواستەکەشی ئامادەیە لقی سەربازی حەماس هەڵوەشێننەوە.


گفتوگۆکەی ئەسۆشێیتد پرێس لەگەڵ خەلیل ئەلحەییە رۆژی چوارشەممە لە ئەستەنبوڵ کراوە، کە لیژنەیەکی باڵای حەماس بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل هەنییە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆی کرد.

مەبەست لە سنووری 1967 ئاماژەیە بۆ ئەو بڕیارەی کە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بەگوێرەی بڕیاری 242ی ئەنجوومەنی ئاسایش دانرا و بڕیارەکەش لە 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1967 دەرچوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن