پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یەكلایی دەكرێتەوە

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 244

راچڵەكین -

هەوڵی لایەنە سیاسییەكانی عیراق بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەردەوامەو پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی فەتح-یش ئاشكرای دەكات چارەسەر بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت كە پۆستەكە بۆ سالم عیساوی یەكلایی ببێتەوە.

موختار موسەوی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: بڕیارە بەم نزیكانە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكرد، لەئێستادا زۆربەی كوتلەكانی ناو پەرلەمان پشتیوانیی لە سالم عیساوی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

سالم عیساوی كاندیدی هەرسێ هاوپەیمانیی سوننە (سیادە، عەزم و حەسمی نیشتمانی)یە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و زۆرینەی لایەنە شیعەكانیش پشتیوانیی لێدەكەن، رۆژی 13ی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ لەكاتی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، لە بەرامبەر شەعلان كرەیم، كاندیدی حزبی تەقەدوم شكستی هێناو تەنها 97 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر تانە لە ئەنجامی دەنگدانەكە گیراو بەهۆیەوە كاندیدەكەی تەقەدوم نەیتوانی پۆستەكە وەربگرێت، تائێستاش ئەو پۆستە بەشێوەیەكی كاتی لەلایەن موحسین مەندەلاوی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕێوەدەبرێت.

هەرچەندە موختار موسەوی جەخت لەوەدەكاتەوە كە لەئێستادا زۆرینەی كوتلەكانی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەدان سالم عیساوی بە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرن، بەڵام حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، پۆستەكە بە پشكی خۆیان دەزانن وەك شایستەی هەڵبژاردن، بەوپێیەی گەورەترین كوتلەی سوننەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن