وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرا دەكرێت

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 289

راچڵەكین -

دادگای فیدراڵی بڕیارێكی تایبەت لەبارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵدەوەشێنێتەوە، پەرلەمانتارێكی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: پێدەچێت هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن ئەنجام بدات.

كاروان یاروەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دانیشتنی رۆژی 27-1-2024ی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵوەشاندەوە كە تێیدا هاتبوو تا یەكلاییكردنەوەی تانەكان لەدادگای فیدراڵی، پەرلەمان بەبێ سەرۆك بتوانێ بەردەوام بێ لەدانیشتنەكان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكردووە، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ ئەنجومەن ئەنجام بدات.

بەوتەی كاروان یاروەیس، هێشتا لەناو ماڵی پەرتەوازەی سوننەكان، رێكەوتن نەكراوە لەسەر كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، هەرسێ هاوپەیمانییەتی عەزم و حەسم و سیادە سورن لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك و كاندیدیان سالم عیساوییە، لەبەرامبەردا محەمەد حەلبوسی و تەقدوم داوا دەكەن پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بكرێتەوەو دەرفەت بدرێ بە حەلبوسی كاندیدێكی نوێ پێشكەش بكات.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەمانگیی شیعەكان داوایان لە سوننەكان كردووە لەناو خۆیاندا رێكبكەون بۆ ماوەی هەفتەیەك دەرفەتیان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن