ئەمریکا ناردنی بۆمبی بۆ ئیسرائیل راگرت

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 140

راچڵەکین-

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی ئاشکرای کرد، هەفتەی ڕابردوو وڵاتەکەی ناردنی بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانیان لە هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح لە باشووری غەززە. 

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی"سی بی ئێس" وتی، کە بارەکە هەزار و 800 بۆمبی 2 هەزار پاوند (907 کیلۆگرام) و 1700 بۆمبی 500 پاوند (226کیلۆگرام)ی لەخۆگرتبوو، بڕیار بوو بدرێتە ئیسرائیل، بەڵام ناردنەکەی راگیرا.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل بەتەواوی دڵنیایی بە نیگەرانییەکانی واشنتۆنی نەداوە، سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی سڤیل لە ڕەفەح.

وتیشی: هەڵوێستی ئەمریکا ئەوەیە کە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان لە ڕەفەح دەست پێنەکات، کە زیاتر لە ملیۆنێک کەس پەنایان بردووە و هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆ دەربازبوون.

دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی گرنگی ڕەفەح لە سنووری غەززە و میسر، لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێرشە ئاسمانیەکانیش بۆ سەر رەفەح زیادی کرد، کە دەیان کوژراوی لێکەوتووەتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، ڕەفەح یەکێک بووە لە خاڵەکانی گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە. هەروەها ئەم رێگەیەش تاکە ڕێگای دەرچوون بوو بۆ خەڵکی.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە فەرمانی بە دەیان هەزار مەدەنی فەلەستینی کرد کە دەستبەجێ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەح چۆڵ بکەن، پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی "سنووردار" دەستپێبکەن، کە ئامانج لێی نەهێشتنی چەکدارانی حەماس و تێکدانی ژێرخانی ئەو گرووپەیە.

هاوکات هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست چڕتر بوونەتەوە. لە قاهیرە بڕیارە شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری میسر و قەتەر دەست بە دانوستانەکانیان بکەنەوە.

شەوی یەکشەممە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس پێشنیاری ئاگربەستیان قبوڵکرد، کە بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمریکا ئامادەکرابوو. بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل دەستبەجێ ڕایانگەیاند کە ئەم پلانە لەگەڵ "داواکارییە بنەڕەتییەکان"ی وڵاتەکەیاندا ناگونجێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن