ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست کۆدەبێتەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 133

راچڵەکین-

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی تاوتوێ دەکرێت، بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم.


بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.


بڕگەی سێیەم خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

دوێنێ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە پەڕەی فەیسبوکی خۆی رایگەیاند:" بە هاوکاری وەزارەتی دارایی ڕاپۆرتێکی پڕ زانیاریمان لەسەر کەیسی فەرمانبەرانی گرێبەست ئامادەکردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران."

وتیشی:" لەسەر بنەمای زانیاریەکانی ناو لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و چاودێریی دارایی فیدڕاڵیش لیستی مووچەتان وەک گرێبەست پەسەندکرا."

باسی لەوەش کرد، کە ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا 30 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

 

مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە. هەر گرێبەستێک لە سێ ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت، ناکرێتە هەمیشەیی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن