وەزارەتی دارایی: بانکی TBI بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات

ئابوری

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 409

راچڵەکین-

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی "TBI" بەشداری لە (هەژماری من) دەکات.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات."

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا.

بەوتەی وەزارەتی دارایی، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت:" ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن