حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچە داوایەكی بەپەلە ئاڕاستەی بەغدا دەكات

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 318

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، پابەندییەكانی خۆی لە بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵیی بەجێگەیاندووە، داواش دەكات بەغدا لە زووترین كاتدا بڕیاری خەرجكردنی شایستەكانی هەرێم بدات، لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران، نیگەرانی بەرامبەر سووتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمیی لەگەڵ زیانلێكەوتووان دەربڕی و سەرۆكوەزیران دووپاتیكردەوە كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە لێكۆڵینەوەی پێویست لە هۆكارەكانی كەوتنەوەی ئاگرەكە بكەن، هاوكات جەخت لە پابەندبوون بە ڕێنماییەكان و ڕێكارەكانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم كرایەوە، بە تایبەتی لە شوێنە گشتیەكان بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە. 

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا كۆبوونەوەی شاندی تەكنیكی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم.

سەرۆكوەزیران دووپاتیكردەوە كە هەرچی ئەرك و پابەندییە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێی كراون و پێویستە حكومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و چیتر هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە. 

دواتر لەلایەن ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە حەفتەی ڕابردوو سەرۆكایەتی شاندێكی تەكنیكی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێك لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان و گفتوگۆكانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەكانی هەرێمی كوردستان خرایەڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێكردنی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەكانیان بۆ خەرجكردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم لە خەرجیی تەشغیلی وپڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی پەرەپێدانی هەرێمەكان بە گوێرەی خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، كە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی كۆبونەوەكانی بەغدای تێدابوو. 

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شاندەكەی، جەختی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی لە بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵیی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە ( میزان المراجعە)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندكراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەكان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەكان و جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حكومەتی فیدڕاڵ لە زووترین كات، بڕیاری خەرجكردنی شایستەكانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر. 

سەبارەت بە بابەتی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران، وردەكاری و ڕوونكردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە دا كە لە لەگەڵ بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێككەوتین ئەو بانكەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هەژماری من، پرۆسەكەش بەردەوامە. 
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریكردنی بانكی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە بانكێكی حكومی فیدڕاڵیە. 

سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەكنیكی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و بانكی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم وپێشكەشكردنی كارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە. 

بڕگەی دووەم گفتوگۆكردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، كە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەكرابوو و وردەكارییەكەی لە لایەن سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنەوە خرایەڕوو.

  ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست كە هێزێكی كاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەكردنی بڕیارێكی دروست لەمبارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و كارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەكانیان پارێزراو بێت، ئەنجومەن بڕیاریدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانكردنی مەرج و ڕێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییكردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات كە بە ڕێكارە یاساییەكان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیەش لە ماوەیەك كە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەكات تەواو بكرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات. 

لە كۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕاپۆرتێكی پوختی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی شاندی وەزارەتەكەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەكانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستكردنی پڕۆژەكانی ئاودێریی لە هەرێم و سوود وەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو و شاندی وەزارەتەكەی بۆ هەوڵ وماندووبونیان، جەختیكردەوە كە ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە مافە دەستووریەكانی هەرێم دابین بكات لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەكانی بەنداو و ئاودێریی و داكۆكیكردن لە ماف وشایستەكانی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم وسوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە كشتوكاڵیانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەكانی دیكەی عێراق دەستەبەر كراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن