سەدر لە 2025 دەگەڕێتەوە

ڕاپۆرت

12/05/2024     ژمارەی بینراو 306

راچڵەکین-

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر، زەمینەی گەڕانەوەی سیاسی دادەڕێژێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو سیاسەت، ئەمەش دوای دوو ساڵ لە "هەنگاوێکی شکستخواردوو و کوشندە و گرەوێکی سەخت بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ ڕکابەرە شیعەکانی."

چاودێران دەڵێن گەڕانەوەی ئەو، کە پێدەچێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025 پلانی بۆ دانرابێت، دەتوانێت مەترسی لەسەر "پەرەسەندنی ڕکابەرەکانی، لەنێویاندا پارتە شیعەکانی عیراق و کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دروست بکات، و سەقامگیری ڕێژەیی ئەم دواییەی عیراق تێکبدات."

رۆیتەرز باسی لەوە  کردووە، لە بەرامبەردا پێدەچێت زۆرێک لە دانیشتوانی عیراقی شیعەکان پێشوازی لە گەڕانەوەی سەدر بکەن، بەتایبەتی جەماوەرەکەی،" کە زۆربەیان لە شوێنکەوتوانی خواپەرست و هەژارن و وەک پاڵەوانی چەوساوەکان سەیری دەکەن."

پەرلەمانتارێکی پێشووی سەدرییەکان دەڵێت: "ئەمجارە بزووتنەوەی سەدری پلانی بەهێزتری هەیە بەراورد بە دوایین جار بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر و پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە".

موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2021دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەڵام دواتر فەرمانی بە پەرلەمانتارەکانی کرد دەست لەکاربکێشنەوە، دواتر لە ساڵی داهاتوودا "کشانەوەی کۆتایی" لە سیاسەت ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنە شیعەکانی ڕکابەر هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لەگەڵ و سوننەکانی عیراق و بارزانی پووچەڵکردەوە.

سەدر کەسایەتییەکی باڵادەستە لە عیراق لە دوای لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، خۆی بەکەسێکی نەتەوەیی دەناسێنێت و، زۆرجار ڕەخنەی توندیش لە هەژموونی هەردوو ئێران و ئەمریکا لە عیراقدا دەربڕیوە.

ئێران بەشداریکردنی سەدر لە سیاسەتدا بە گرنگ دەزانێت بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی عیراق کە شیعە باڵادەستە، بەڵام تاران ئەو خواستەی سەدر بۆ ئەوەی وەک تاکە هێزی باڵادەستی خۆی بناسرێت رەتدەکاتەوە.

ئەمەریکاش کە شەڕی هێزەکانی سەدری کرد، دوای ئەوەی لە ساڵی 2004 شەڕی پیرۆزی دژیان ڕاگەیاند، سەدر بە هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری عیراق دەزانێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، وەکو هێز و لایەنێک بۆ وەستانەوەی دژ بە هەژموونی ئێران لە عیراق تەماشای دەکات.

لە ماوەی رابردووشدا، سەدر ناوی رەوتەکەی گۆڕی بۆ بۆ "بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە"، کەسێکی نزیک لە سەدر بە رۆیتەری وتووە :" ئەم هەنگاوەی هێرشێکە بۆ سەر کوتلە شیعەکانی ڕکابەری، کە بە نانیشتمانپەروەر و وابەستە بە ئێرانیان دەزانێت و هەروەها هەوڵێکە بۆ زیاتر راکێشانی هێڵە تائیفیەکان لە عیراقدا."

سیاسەتمەدارێکی باڵای سەدریش ڕایگەیاند، ڕەنگە بزووتنەوەکە هەوڵبدات لەگەڵ هەندێک لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار هاوپەیمانی بکات، وەک محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، لە هەمان کاتدا هەندێکی دیکە پەراوێز بخات، لەنێویاندا قەیس خەزعەلی ڕکابەری سەرەکی.

ڕاوێژکارانی سودانی ڕایانگەیاندووە کە ئەو بژاردەکانی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

ئەندامی باڵای بزووتنەوەی سەدر بە رۆیتەری راگەیاندووە: " گروپێک هەیە کە ئێمە پەیوەندییەکی درێژخایەنمان لەگەڵیان هەیە و دەتوانین پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانییان لەگەڵدا بکەین، بەڵام ئەوەی ئێمە بەلایدا ناچین، ڕێککەوتنە لەگەڵ میلیشیا گەندەڵەکان".


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن