یەكێتی ئەوروپا سزای زیاتر بەسەر ئێران دەسەپێنێت

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 102

راچڵەكین -

یەكێتی ئەوروپا بڕیاریدا سزاكانی بۆسەر ئێران زیاتر بكات و بەرپرسێكی یەكێتییەكەش رایدەگەیەنێت، هاوكارییە سەربازییەكانی تاران بۆ رووسیا بەبێ سزای قورس تێناپەڕێت.

ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە بڕیاریاندا بە پەساندنی سزای زیاتر بەسەر كۆماری ئیسلامی بەهۆی پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بە رووسیا لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا و پاڵپشتیكردنی لە گروپە چەكدارە نایاساییەكان لەهەردوو ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و دەریای سوور.

بەگوێرەی بڕیارەكە، سزاكانی یەكێتی ئەوروپا بۆسەر ئێران فراوانتر دەكرێت و پیشەسازیی مووشەك و جموجۆڵی گواستنەوەی دەریاییش دەگرێتەوە، سەرجەم ئەو كەس و دامەزراوانەش دەخرێنە لیستی سزادراوەكانەوە كە كاری فرۆشتن و گواستنەوەی پارچەكانی مووشەك و درۆن بۆ ئێران دەكەن، جگە لە بلۆككردنی سەرمایەكانیان و قەدەغەكردنی گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

یەكێتی ئەوروپا رۆژی 13-4-2024، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هێرشە مووشەكی و درۆنەكانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ژمارەیەكی سزای نوێی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و هۆشداریی لە توندتركردنی سزاكانیش كرد ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هێرشەكانی و پاڵپشتیكردنی گروپە چەكدارە نایاساییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن