قەتەر نهێنی لەسەر دانوستانەکانی حە.ماس و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

جیهان

15/05/2024     ژمارەی بینراو 208

راچڵەکین-

پاش ئەوەی تانکەکانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح پێشڕەوییان کرد و گەیشتنە ناوچە نیشتەجێبووەکانی باشووری غەززە، کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی فەلەستینی تێدا نیشتەجێیە، حکومەتی قەتەر رایگەیاند ئەم پێشڕەوی و بەردەوامییەی جەنگ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، مانای وەستاندنی دانوستانەکانە و لە ئەنجامدا گەیشتنە بنبەست.

 

هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئیسرائیل و رێکخراوە مرۆییەکان چەندین جار هۆشدارییان داوە لە هێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت، چوار کەتیبەی گرووپی حەماس لەم شارەدا سەنگەری گرتووە و هێرشکردنە سەر ئەم شارە بۆ لەناوبردنی حەماس پێویستە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەنگ و رووبەرووبوونەوە لە سەرانسەری غەززە پەرەی سەندووە و هێزەکانی ئیسرائیل لە باکووری غەززەشەوە هەوڵ دەدەن ئەو ناوچانە وەربگرنەوە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە دەستی حەماسیان وەرگرتووە.

شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر بە ئاماژەدان بەم پێشهاتە ڕایگەیاند، دانوستانەکان سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە گەیشتووەتە بنبەست.

ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە رەفەح بووەتە هۆی داخستنی دەروازەی سنووری رەفەح کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکان بۆ ئەو یارمەتییە مرۆییانەی دەچنە ناو غەززەوە.

شێخ محەمەد لە کۆبوونەوەیەکی ئابوریدا لە دەوحە ڕایگەیاند: بە تایبەتی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەوڵی بەرفراوانمان بینی، بەڵام شتەکان بە ئاراستەیەکی دروستدا نەڕۆیشتن و ئێستا گەیشتوینەتە قۆناغێک کە نزیکە لە بنبەست. بێگومان ئەوەی لە رەفەح ڕوودەدات بووەتە هۆی ئەم نائومێدییە”.

وڵاتی قەتەر، هاوشانی میسر و ئەمریکا نێوەندگیری لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن