راچڵەکین-
نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی
نیشتمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بافڵ
جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ
فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری
دەستبەکاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
لەمەراسیمێکدا لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە پێشمەرگە و
تێكۆشەر عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر و وەهاب هەڵەبجەیی،
بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی
ئاسایش ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ موقەدەم دیار
عومەر، وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
سەرۆک بافڵ لە مەراسیمەکەدا ستایشی رۆڵی قارەمانانە و دڵسۆزانەی شەهید
ئاکامی کرد لە پاراستنی خاکی کوردستان و چەسپاندنی یاسا و یادەوەرییەکی ئەو
فەرماندە تێکۆشەرەشی وەبیرهێنایەوە و وتی، شەهید ئاکام پێیگوتم ئەوەی دوای من دێت،
زۆر بەهێزتر و ماندوونەناسانەتر پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات، توندتر بەگژ
گەندەڵیدا دەچێتەوە و پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا دەکات.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەشێکیتری وتەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی و
هیوای سەرکەوتن بۆ موقەدەم دیار عومەر، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەکرد لەبەرامبەر
راپەڕاندنی ئەرکەکانی رابردووی و راشیسپارد، وەک هەمیشە و بەهەمان رۆحییەتی شەهید
ئاکامەوە پارێزەری خاکی کوردستان بن، کۆماندۆی کوردستان ئەمانەتی فەرماندە ئاکامە
و دەبێت هەمووتان هاوشێوەی ئەو سەرڕاست و ئەمەکداربن بۆ یەکێتی و کوردستان.
لەدرێژەی مەراسیمەکەدا باوكی شەهید ئاكام عومەر پیرۆزبایی
دەستبەكاربوونی لە موقەدەم دیار عومەر كرد، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە
نوێیەكەیدا و باسی لەوەكرد، کۆماندۆی کوردستان بەخوێنی ئاکام و پۆلێک شەهیدی
کۆماندۆی کوردستان دروستبووە و قوربانیی زۆری لەپێناودا دراوە، دڵنیام ئێوەش بەو
رێگەیەدا دەڕۆن و پارێزگاری لەو هێزە دەکەن کە خۆشەویستی هەموومانە.
لەكۆتاییدا فەرماندە دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی
کوردستان سوپاسی متمانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد بۆ راسپاردنی بۆ
ئەو ئەركە گرنگە و راشیگەیاند، پێشتر لەگەڵ شەهید ئاکام و کوڕانی کۆماندۆ بەڵێنمان
بە خوا و نیشتمان داوە کە ئێمە کوڕە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی کوردستان بین، ئێستاش
دووپاتیدەکەینەوە وەک هەمیشە و بە پشتیوانیی سەرۆک بافڵ، درێژەپێدەری رێبازی
یەکێتی و شەهیدان دەبین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا دەبین.