راچڵەکین-
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی زمانزان، فەیلەسوف، مێژوونووس و چالاکوانی سیاسی ئەمریکی، نوام چۆمسکی، هەواڵەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ڕەتکرایەوە.
ڤالێریای واسەرمان ئاماژەی بەوەکرد، چۆمسکی تەمەن 95 ساڵ لە ژیاندایە و لە نەخۆشخانەیەکی شاری ساوپاولۆ دەرمان وەردەگرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر تووشی جەڵتەی مێشک بووە.
بەڵام ئەو نەخۆشخانەیەی کە چۆمسکی تێیدا خەوێندرابوو، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لە نەخۆشخانە دەرچووە و لە ماڵەوە چارەسەرەکانی وەردەگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ بەشێک لە میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان کۆچی دوایی چۆمسکییان ڕاگەیاند.
زیاتر لە 100 کتێب لە لایەن نوام چۆمسکی چاپ کراوە و زیاتر لە 40 زانکۆی بەناوبانگی جیهان دکتۆرای فەخرییان پێ بەخشیوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە گەورەترین بیرمەندی زیندوو لە جیهاندا ناوی بردووە "بۆچوونەکانی شۆڕشێکی لە زانستی زمانەوانیدا خوڵقاند و نازناوی باوکی زمانەوانی مۆدێرنیان بەدەستهێنا."