ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاگرەکەی نێوان ئامەد و ماردین گیانیان لەدەستدا، گەیشتە 11 کەس

کوردستان

21/06/2024     ژمارەی بینراو 406

راچڵەکین-

وەزیری تەندروستی تورکیا، فەخرەددین کۆجا ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی کەوتنەوەی ئەو ئاگرەی لە پوش و پاوانی نێوان قەزاکانی چنار لە ئامەد و مازیداغی لە ماردین کەوتەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 11 کەس.

فەخرەددین کۆجا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەم ئاگرانەوە تا ئێستا لە ئامەد پێنج نەخۆش لە بەشی وردبینی چڕدان و چواریان هەناسەی دەستکردیان بۆ دانراوە. لە شانڵیئورفا یەک نەخۆش هەناسەی دەستکردی بۆ دانراوە".

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردەوە، فەخرەددین کۆجا باسی لەوە کرد کە بەهۆی کەوتنەوەی ئەو ئاگرەی دوێنێ ئێوارە لە ناوچەی کۆکسالانی قەزای چنار لە ئامەد و گوندی یوجەباغ و یەتکینلەر لە قەزای مازیداغی ماردین کەوتەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوبراو وتیشی: "بەهۆی ئەو ئاگرەی لە گوندەکانی سنووری ئامەد و ماردین ڕوویدا تا ئێستا لە ئامەد پێنج نەخۆشمان لە بەشی وردبینی چڕدان و چواریان هەناسەی دەستکردیان بۆ دانراوە. لە شانڵیئورفا یەک نەخۆش هەناسەی دەستکردی بۆ دانراوە. کۆی ژمارەی ئەو نەخۆشانەمان کە لە نەخۆشخانەکانماندا چارەسەر وەردەگرن شەش کەسن".

درەنگانی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لەماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو.

سەرەتای ئاگرەکە بە سووتانی پووش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئامەد بووە کە دواتر بەهۆی با تەشەنەی کردووە و زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەشت گوندی دیکە گەیاندووە تا گەیشتووەتە سنوورەکانی مێردین. 
 
وەزیری تەندروستی تورکیا دەڵێت: "لە دیاربەکرەوە 24 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و سێ تیمی بەهاناوەچوونی خێرا و لە ماردینیشەوە 15 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و چوار تیمی بەهاناوەچوونی خێرا ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن