راچڵەكین -
دەستەی دەستپاكی رایدەگەیەنێت، لەماوەی یەك مانگدا فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردن لەسەر كەیسی جۆراوجۆری گەندەڵی بۆ دەیان بەرپرس و پلە باڵای عیراق دەرچووە، كە هەندێكیان وەزیری ئێستاو كابینەكانی پێشووی حكومەتن.
دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماری مانگی ئایاری ئەمساڵ-ی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا 35 فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردنە بەردەم دادگا بۆ بەرپرسانی حكومەت و پلە باڵاكان دەرچووە،
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەمانگی ئایاری ئەمساڵ، دادگاكانی عیراق فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردنيان بۆ 35 بەرپرسی و پلە باڵا دەركردووە، كە تێوەگلاون لە دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
دەستەكە بەبێ ئاشكراكردنی ناوی بەرپرسە تۆمەتبارەكان، تەنها ئاماژەی بەوەكردووە، كە لەناو ئەو كەسانەی فەرمانی دەستگیركردنی و بانگهێشتكردنیان بۆ دەركراوە، وەزیرێكی كابینەی ئێستای حكومەتی عیراق، سێ وەزیری كابینەكانی پێشوو، لەگەڵ ئەندامێكی پیشووی ئەنجومەنی نوێنەران، جگە لە دوو پارێزگارو 24 بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و پێشوو.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتبارەكان، لە كەیسی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی تێوەگلاون و پۆستەكانیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكارهێناوە.