راچڵەکین-
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە" کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری بانکەکان، بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژەی "هەژماری من" ڕاگەیاند و نووسیویەتی: هەشت بانکە بەشداربووەکەی "هەژماری من" لەلایەن کۆمپانیاکەمان گرەنتی کراون."
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە: "هەشت بانک لە دەستپێشخەریی "هەژماری من" بەشدارن، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد. ئامانجی پڕۆژەکە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنییە لە خزمەتگوزارییە حکومییەکاندا".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاکوو ئێستا هەشت بانکی فەرمی بەشدارییان لە پرۆژەی "هەژماری من" کردووە، کە بریتین لە:
BBAC, TBI, BOB, IDB, RTB, NBI, Cihan Bank, IIB.
دەشڵێت، ئامانجی کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەرکردنی بانکەکان، بریتییە لە بەرزکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی، بەدەستهێنانی سەقامگیری لە سیستەمی دارایی، چارەسەری کەڵەکەکردنی پارە و پشتیوانیی بانکەکان لە دۆخی مایەپووچبوون و پاراستنی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەم جۆرە باسی لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە :"پرۆژەی هەژماری من، سیستەمی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، کە کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی بەرنامەی بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن پێی هەڵدەستێت؛ تاکوو ئێستا ٨ بانکی فەرمی و دانپێدانراوی عێراقی هاتوونەتە ناو پرۆژەکەوە و خەمڵێنراوە تاکوو کۆتایی ٢٠٢٤ بەشداربووانی بگاتە ملیۆنێک مووچەخۆر."