هەولێر.. بكوژی ژنێك دەستگیر كرا

کوردستان

09/07/2024     ژمارەی بینراو 219

راچڵەكین -

ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی بكوژی ئەو ژنەی راگەیاند، كە رۆژی 4ی ئەم مانگە تەرمەكەی لەماڵەكەی خۆی لەگەڕكی مەنتكاوە دۆزرابووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دوای ئەوەی لە ڕێكەوتی ٢٠٢٤/٧/٤ تەرمی ئافرەتێك بەناوی (قەدەم خێر عەزیز) بە كوژراوی لەماڵەكەی خۆی لەگەڕكی مەنتكاوەی شاری هەولێر دۆزرایەوە،دەستبەجێ لەلایەن تیمەكانمانەوە بەدواداچوون ئەنجامدرا و لەماوەیەكی كەم توانیمان ناسنامەی بكوژەكە بەناوی (م ،ك ، ڕ) ئاشكرابكەین.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارەكە خزمی نزیكی ژنە كوژراوەكەیەو بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش 
دەستگیركراوەو لەمیانی لێكۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەكەی ناوە كە دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی تاوانەكە، ئۆتۆمبێلەی تاوانلێكراوی فرۆشتووەو لەكاتی بردنەوەی پارەكە بۆ (قەدەم خێر) لەپێناو بردنی ئەو بڕە پارەیە، تاوانەكەی ئەنجامداوە.

ئاسایش هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، بكوژەكە لەدوای ئەنجامدانی تاوانەكەی و بەمەبەستی بزركردنی سەرەداوی تاوانەكە و ئاشكرانەبوونی، ئامێری مۆبایلی ژنە كوژراوەكەی لە شوێنێكی چۆڵەوانی لەدەرەوەی شاری هەولێر حەشارداوەو ئەو بڕە پارەی كە بردبووی، لە سەربانی ماڵەكەی خۆی لە گوندی دارەبەن شاردبووەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن