حە.ماس هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات؛ دەگەڕێینەوە خاڵی سفر

جیهان

10/07/2024     ژمارەی بینراو 254

راچڵەکین-

لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە زیاد کردووە، حەماس هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامی ئەم هێرشانە دانوستانەکانی ئاگربەست دەخاتە مەترسییەوە. حەماس پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ دەستبەرداربوون لە بەشێک لە مەرجەکانی ڕاگەیاندبوو و هەربۆیە هیواکان بۆ گەیشتن ئاگربەست لە غەززە زیادی کردبوو.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، کاربەدەستانی فەلەستین ڕایانگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە زیاتر لە 29 سڤیل کوژراون.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە باس لە برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هێرشەکەدا دەکەن. سوپای ئیسرائیل وتیشی: ئەم هێرشە بۆ کوشتنی یەکێک لە فەرماندەکانی بزووتنەوەی حەماس ئەنجامدراوە کە لە هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری ئەم گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل دەستی هەبووە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، وتی: لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززە ڕۆژی سێشەممە، 60 فەلەستینی کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئێمە ئیسرائیل و حکومەتی ئەمریکا بە بەرپرسیار دەزانین لەم کۆمەڵکوژییە ترسناکەی خەڵکی مەدەنی.

هاوکات لقی چەکداری حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی ڕایانگەیاند کە بە دۆشکە و هاوەن و مووشەکی دژە تانک لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە شەڕیان کردووە و ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە یان بریندار کردووە.

پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل چوونەتە میسر بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتن.

ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس هۆشداریی دا کە هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل لە کاتێکی هەستیاردایە و کاریگەری دەخاتە سەر دانوستانەکان و دەشێت ئەم دانوستانانە بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.

تەندروستی غەززە لە دوایین ئاماری خۆیاندا ڕایگەیاند کە کۆی ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە شەڕی 9 مانگەی غەززە کوژراون گەیشتووەتە 38 هەزار و 243 کەس.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن