راچڵەکین-
ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دوو تەوەر دەکات، کە بریتیە لە؛ چارەنوسی مووچەی دوو مانگی پێشمهرگه و هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ پرسی دەروازە سنوورییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، لە بڕگەی یەکەمدا دەرەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ژمارە 2ـی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە ڕێکەوتی 01-07-2024 لە بەغدا کرا، تاوتوێ دەکات.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە تایبەتە بە بابەتی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و، دواپێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن دیوانی چاودێریی هەردوولاوە.
ههروهها باس لە دوا پێشهاتى بابەتى وردبینى و پێداچونەوەى لیستى موچەى هێزە ئەمنییەکان لەلایەن تیمى هاوبەشى چاودێرى دارایی هەرێم و فیدڕاڵ دەکرێت.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکەش لەماوەی دوو رۆژدا مووچەی ئەو شوێنانە دابەش دەکرێت کە بەغداد پارەکەی خەرجکردوون.
دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی مەدەنی لەکاتێکدایە کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە، بەجۆرێک لە ماوەی زیاتر لە 90 رۆژدا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، لە ئێستاشدا چارەنووسی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان نادیارە.