چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی لەسەر هەمواری یاسای باری شارستانی ڕاگەیاند

عێراق

30/07/2024     ژمارەی بینراو 329

راچڵەکین-

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ یاسای باری كه‌سێتی ڕاگه‌یاند و داوادەکات ئەنجومەنی نوێنەران یاسای باری کەسێتی ھەموار بکاتەوە. داوای کردووە پەرلەمانی عێراق به‌رده‌وام بێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ یاساكه‌. لە کاتێکدا بەکۆی زۆرینەی دەنگ ئەم بڕگەیاسایە لە پەرلەمان هەڵگیرابوو.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بڵاویكرده‌وه‌، ئێواره‌ی دوێنێ هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، به‌ ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیران عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ لە گۆڕەپانی سیاسی و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیان ئه‌نجام دا.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی باسی له‌وه‌شكردوه‌، هه‌مواركردنه‌وه‌ی پلان بۆ داڕێژراوی یاسای باری كه‌سێتی هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستور، كه‌ تێیدا هاتووه‌ عێراقییه‌كان ئازادن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ناكۆكی نه‌بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی یاسا و بناغه‌كانی دیموكراسیه‌ت.

یاساى بارى کەسێتى عێراق ژمارە 188ـى ساڵى 1959ـى هەموارکراو لە عێراق، چەند جارێک هەموارکراوەتەوە، بەپێی ئەم هەموارە نوێیە ئەگەر پەسەند بکرێت، تەمەنى هاوسەرگیریی کچان بەپێی رەزامەندى دایک و باوک لە 14 ساڵییەوە بۆ 9 ساڵى کەم دەکرێتەوە و تەمەنى هاوسەرگیرییش بەبێ رەزامەندى و بە خواستى کچان لە 18 ساڵییەوە بۆ 16 ساڵى کەم دەکرێتەوە.

هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانتارانی عێراق كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێكه‌وته‌وه‌.

لەمبارەیەوە، کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕاچڵەکین نیوزی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی پێشکەشکردنی هەموارەکە بە پەرلەمان، 180 پەرلەمان ئامادەبووە و ئێمە 120 ئەندام پەرلەمان بووین کە واژۆمان کردووە ئەوەی ئەو بڕگەیە هەڵبگیرێت و دوابخرێت. چونکە پێمان وابوو عێراق تووشی ئیحراجی دەکات و کێشە کۆمەڵایەتییەکان قووڵ دەکاتەوە.

یاسایەکى دیکەیش لەم هەموارە نوێیەدا رێگەدانە بە نوسینگەکانى هاوسەرگیریی لە دەرەوەى دادگا هاوسەرگیریی ئەنجام بدات بۆ کچان و کوڕان. هەر بەپێی ئەم هەموارە نوێیە، ماف دەدرێت بە پیاوان بێ رەزامەندى و پرس کردن بە ژنەکەیان جیاببنەوە و مافى وەرگرتنى منداڵەکانیشیان دەدرێتێ، هەروەک دەتوانن بەپێی هەردو مەزهەبى شیعە و سوننە هاوسەرگیریی و جیابونەوە بکەن.

کاروان یاروەیس وتی، ئەم یاسایە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاسا هاوسەرگیری و مارەبڕین بکرێت. ئەمانەش وا دەکات ناحەقی بەرامبەر کچان و ژنان بکرێت.

ڕۆژی ڕابردووش دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتى عێراق، ژمارەیەک لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی ژنان گردبوونەوە و باوەڕیان وایە ژنان تێیدا زیانمەندن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن