راچڵەکین-
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، تەنیا ئەو گرژییانەی کە هەن لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هەڕەشە لەم ڕێککەوتنە دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد، کە ئەمریکا هەردوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیل-ی ئاگادارکردووەتەوە کە پەرە بە گرژییەکان نەدەن. وتیشی، دانوستانەکان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست له غەززه و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان گەیشتووەته قۆناخی کۆتایی و ئێستا کۆدەنگییەک لەسەر ئەم پرسە هەیە.
هاوکات گەشبینی خۆی بە هەڵبژاردنی یەحیا سەنوەر بۆ سەرۆکی نوێی باڵی سیاسی بزووتنەوەی حەماس دەربڕی و ڕایگەیاند، سینوار توانای پێویستی هەیە بۆ گەرەنتیکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، چونکە سینوار بڕیاردەری سەرەکییە بۆ ئاگربەستەکە و هەمیشەش وا بووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند:" ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەبێ دواکەوتن و بەبێ بیانوو کۆتایی بەم بابەتە بێنن".