راچڵەکین-
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:" هێشتا بڕیاری ناردنی موچەی مانگی 7 نەدراوە، کێشەی لیستەکانی مووچە جدی و حەقیقیە و پڕە لە کەموکوڕی، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەی چارەسەرکردنی نین".
لەبارەی وردبینیکردنی مووچەی مانگی تەمموزەوە، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا وردبینی بەردەوامە، کۆی گشتی مووچە لە ترلیۆنێک دینار تێپەڕیوە. لیستی ئەمنی کێشەی زۆری تێدایە هەزاران کەس لە لیستەکەدایە بەبێ زانیاری بەبێ ناو، دامەزراوی تازە، دەیان هەزار ناو نەنێردراوە".
دەشڵێت:" لیژنەی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی دەڵێن بۆچی لە لیستی هێزی ئەمنی بەنموونە پلەی ملازم مووچەکەی لە هەر شوێنێک مەبلەغێکە، بەچی پێوەرێک؟ چۆن یەکەی سەربازی خانەنشین و کەم ئەندامی هەیە؟".
ئاماژەی بەوە کردووە:" وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێرباری ناردنی پارە بەو کەموکوڕیانەوە سەرۆک وەزیران داوای سەرفکردنی موچەی کردووە دارایی دەڵێت، چەند مانگی پێشوو بەهەمان داواکاری موچە سەرفکراوە تێبینیەکان چاک نەکراوە خۆتان بەرپرسیارێتی یاسایی لەئەستۆ بگرن، بۆیە هێشتا بڕیاری ناردنی موچەی مانگی ٧ نەدراوە".
جێی ئاماژەیە، دوو رۆژ لەمەوپێش ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتیان، کە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون ئەم پێنجشەممەیە "واتە ئەمڕۆ" مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.
بەڵام ئەمڕۆ میدیای فەرمی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاویکردەوە، رەوانەکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی مەدەنی ھەرێمی کوردستان بەھۆی تەواونەبوونی ڕێکارەکانەوە بۆ سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دوادەکەوێت.
وتیشی، دووبارە کارەکانیان بۆ وردبینیکردن لە لیستی مووچەی ھێزە ئەمنییەکان دەستپێکردووەتەوە و وەزیری داراییش ئامادەنییە واژۆ لەسەر مووچەی ھێزە ئەمنییەکان بکات، بۆیە پێویستی بە رەزامەندی سودانی دەبێت، بۆ رەوانەکردنی مووچەکانیان.