راچڵەكین -
پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە تەقەی لە مەفرزەیەكی پۆلیسی شارەكە كردبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، كە ئەمڕۆ هەینی 17-10-2025 بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانی نەهێشتنی تاوانی كەركوك، توانییان ئەو تۆمەتبارە دەستگیربكەن، كە تەقەی لە مەفرەزەیەكی پۆلیس لە ناوچەی عروبە كردبوو.
وەك لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی كەركوكدا هاتووە، هۆكاری تەقەكردنی تۆمەتبارەكە لە مەفرەزەكەی پۆلیس بۆ رێگریكردن بووە لێیان لە دەستگیركردنی یەكێك لە براكانی، كە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە.
تۆمەتبارە تەقەكەرەكە، لەمیانی لێكۆڵنەوەدا دانی بەوەدا ناوە كە چەندین تاوانی دزیكردنی ئەنجامداوە، لەئێستاشدا بە فەرمانی دادوەر راگیراوەو دەستیش بەسەر ئەو چەكەدا گیرا كە تەقەی پێكردبوو.