راچڵەكین-
دەسەڵاتی دادوەری لوبنان بڕیاریدا بە ئازادكردنی هانیباڵ قەزافی، بەدەستبەری 11 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ هەیینی 17ی تشرینی یەكەمی 2025 میدیا عەرەبییەكان بڵاویانكردەوە، دوای 10 ساڵ لەدەستگیركردنی، دادگای لوبنان بڕیاریداوە بە ئازادكردنی هانیباڵ قەزافی كوڕی موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووتری لیبیا، بە دەستەبەری (كەفالە)ی 11 ملیۆن دۆلار، هاوكات بڕیاری قەدەغەكرنی گەشتكردن بۆ دەرەوەی لوبنان.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، چەند رۆژێك پێش ئێستا هانیباڵ قەزافی لەسەر سكاڵای كەسوكاری موسا سەدر، چووە بەردەم دادگا و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا جارێكی تر گەڕێندرایەوە شوێنی زیندانیكردنی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان لە بەیروت-ی پایتەخت.
هانیباڵ قەزافی لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 وە بەتۆمەتی شاردنەوەی زانیاری لەبارەی دیارنەمانی موسا سەدر لەساڵی 1978، دەستگیركراوە، لەكاتێكدا هانیباڵ لەو ساڵەدا تەمەنی تەنها دوو ساڵان بووە!
دوای رووداوەكانی لیبیا لە 2011 و رووخانی رژێمی موعەمەر قەزافی، هانیباڵ پەنای بۆ سوریا برد، وەك پارێزەرەكەی دەڵێت هانیباڵ لەساڵی 2015 لەلایەن گروپە چەكدارەكان بەرەو لوبنان رفێندراوە.