كۆلێرا لە وڵاتێكی عەرەبی بڵاودەبێتەوە

تەندروستی

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 183

راچڵەكین -

پەتای كۆلێرا بەشێوەیەكی فراوان لە سودان بڵاودەبێتەوەو وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات تائێستا سەدان توشبوو گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 11 هەزار حاڵەتی نوێش تۆماركراون.

وەزارەتی تەندروستی سودان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پەتای كۆلێرا لەچەندین ویلایەت بڵاوبووەتەوەو تائێستا زیاتر لە 11 هەزارو 320 حاڵەتی توشبوون تۆماركراوەو 316 كەسیش بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هۆكاری سەرەكیی بڵاوبوونەوەی كۆلێرا،  نەبوونی ئاوی خاوێنە لەو ناوچانەی كە بەهۆی شەڕەوە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەش بوون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، نزیكەی 70 نەخۆشخانە لەو ویلایەتانەی سودان كە شەڕی تێدایە، داخراون و هیچ خزمەتگوزارییەكی تەندروستی پێشكەش ناكەن.

سودان كە ماوەی چەندین مانگە بەدەست شەڕی نێوان سوپاو هێزەكانی پاڵپشتی خێرا دەناڵێنێت، بووەتە هۆی كوژرانی نزیكەی 19 هەزار كەس ئاوارەبوونی چەندین ملیۆن هاووڵاتی، كە هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەكی سەرەتاییان پێناگات. 

پێشتریش رێكخراوە مرۆیی نێودەوڵەتییەكان هۆشدارییان دابوو كە سودان بەرەو كارەساتێكی مرۆیی هەنگاو دەنێت و ملیۆنان هاووڵاتی ئەو وڵاتە بەهۆی قەیرانی ئاوو خۆراك، لە مەرگ نزیكدەبنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن