سەرۆکانی هەواڵگریی "مۆساد و شین بێت" بۆ دانوستان دەچنە قاهیرە

جیهان

25/08/2024     ژمارەی بینراو 233

راچڵەکین-

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیلی" ڕاگەیاند، سەرەڕای هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئیسرائیل دەچنە قاهیرە.

مەبەست لە "شین بێت" کە بە "شاباک"یش ناسراوە، دەزگای پاراستنی ناوخۆی ئیسرائیلە، ڕۆنێن بار سەرۆکەکەیەتی. "مۆساد"یش دەزگای هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیلە لە دەرەوەی وڵات، کە دەیڤد بارنیا سەرۆکایەتی دەکات.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکییەکان فشارێکی بەرچاو دەخەنە سەر ئیسرائیل بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەی شەڕێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا ڕوونەدات.

دوێنێش کەناڵی "ئەلجەزیرە" ڕایگەیاند، شاندێکی حەماس دەچنە قاهیرە و لەگەڵ دانوستانکاران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە قسە دەکەن.

چەند خولەکێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "ئەمڕۆ شاندێک دەنێرین بۆ قاهیرە، بەڵام بەشداری دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان ناکەن".

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" نووسیویەتی، گوشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی غەززە و کۆتاییهێنان بە جەنگ گەیشتووەتە لوتکە.

ئەم میدیا ئیسرائیلییە نووسیویەتی، پێدەچێت لە کۆی 251 بارمتە کە لە 7ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە ڕفێندرابوون، 105 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن