راچڵەکین-
کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن، لە نزیک پردی ئەلنەبی لە دەروازەی سنووریی نێوان ئوردن و کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین، سێ ئیسرائیلی کوژراون. بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هێرشبەرەکە شۆفێرێکی بارهەڵگر بووە و خەڵکی ئوردن بووە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: هێرشبەرێک بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگرەوە لە ناوچەی پردی ئەلنەبی نزیک بووەتەوە و دوای دابەزینی لە بارهەڵگرەکە، تەقەی لە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کردووە کە لە پردەکەدا جێگیر بوون.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن کە هێرشبەرەکە دەچێتە تێرمیناڵەکە و دوای تەقەکردنی سێ گوللە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت.
بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل لەسەرەتادا رایانگەیاند کە کوژراوەکان "هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلین"، بەڵام دواتر بۆ ئاژانسی فرانس پرێسیان روونکردەوە کە هەرسێکیان "پاسەوان"ی ئەمنین بەڵام ئەندامی سوپا و هێزەکانی پۆلیس نین.
هێزە ئەمنیی تایبەت لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل بەرپرسی پاراستنی ئەم دەروازەیەن.
دەروازەی ئەلنەبی لە نێوان پایتەختی ئوردن و قودسە دەکەوێتە باکووری دەریای مردوو. ئوردنییەکان و فەلەستینییەکان پێی دەڵێن پردی مەلیک حوسێن یان پردی ئەلکەرەمە.
ئەم پردە لە ئێستادا تاکە ڕێگای نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا بەجێبهێڵن بەبێ ئەوەی ئیسرائیل ببڕن.
تەقەکردنەکە لەم دەروازە لە کاتێکدا روویداوە کە لەم دواییانەدا توندوتیژی لە کەناری ڕۆژئاوا زیادی کردووە.
ئیسرائیل و ئوردن کە لە ساڵی 1994 پەیمانی ئاشتییان واژۆ کرد، پەیوەندییەکی ئەمنیی نزیکیان هەیە.
ڕۆژانە دەیان بارهەڵگر و ترێلەر بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن و کاڵا و بەرهەمی جۆراوجۆر لە ئوردن و وڵاتانی کەنداوەوە دەهێننە بازاڕەکانی ئیسرائیل و کەناری رۆژئاوا.