راچڵەكین -
كارمەندێكی دەستەی دەستپاكیی عیراق كە بەتۆمەتی كەڵەبوونی سەرمایەكەی لەكارەكەی دەركرابوو، لەلایەن دادگاوە بە حەوت ساڵ زیندانیكردن سزادراو دەبێ بڕی زیاتر لە یەك ملیارو 250 ملیۆن دیناریش بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكیی عیراق، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری دەوڵەمەندبوونی یەكێك لە كارمەندەكانی دەستەكە بەناوی بەشیر سەباح هادی، كە لەماوەیەكی كەمدا سامانە داراییەكەی بەشێوەیەكی نائاسایی زیادیكردبوو، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە ناوبراو بەشێوەیەكی نایاسایی سامانەكەی كۆكردووەتەوەو بەو هۆیەشەوە لەكارەكەی دەركرا.
دەستەی دەستپاكی ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی كەیسی تۆمەتبارەكە رەوانەی دادگا كرا، لەلایەن دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراو لەسەریشی سەپێندراوە كە دەبێ بڕی یەك ملیارو 250 ملیۆن و 800 هەزار دیناریش بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، تاوانبارەكە، كە بەشێوەی غیابی سزاكەی بەسەردا سەپێندراوە، جگە لە هەبوونی چەندین موڵك و سامانی گواستراوەو نەگوازراوە لەناوخۆی عیراق، لە وڵاتی توركیاش دوو شوقەی گرانبەهای كڕیوە.
دەستەی دەستپاكیی عیراق راشیگەیاندووە، لایەنی پەیوەندیدار هەوڵەكای دەستپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی تاوانبار بۆ عیراق بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا.