راچڵەكین -
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هۆشداریی لەبارەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و راشیدەگەیەنێت: بەردەوامیی ئەم دۆخە تەنیا كارەسات و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ هەموو لایەك بەبێ جیاوازی لێ دەكەوێتەوە.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، نیگەرانیی خۆی بە كوژرانی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی و یاوەرانی دەربڕیوەو تێیدا هاتووە، " بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە پێشهاتە سەربازییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەئامانجگرتنی سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی و یاوەرانی دەڕوانین. پرسە و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هاوخەمیانین".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، "ئەم پێشهاتانە مەترسییەكی ڕژد لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دروست دەكەن. هۆشداری دەدەین كە بەردەوامیی ئەم دۆخە تەنیا كارەسات و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ هەموو لایەك بەبێ جیاوازی لێ دەكەوێتەوە."
سەرۆكایەتی هەرێم داواشی لە هەمووان كردووە بە دانایی و دانبەخۆداگرتن، ڕێگە لە تێكچوونی دۆخەكە بگرن و سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزن.