لوبنان.. لە بۆردومانێكدا 17 ئەندامی خێزانێك كوژران

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 133

راچڵەكین -

لەئەنجامی هێرشێكی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی لوبنان، تەواوی ئەندامانی خێزانێك كە ژمارەیان 17 كەس بوو كوژران.

میدیای فەرمی لوبنان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئیسرائیل هێرشیانكردە سەر شارۆچكەی زەبود لە باكووری ناوچەی بیقاع-ی رۆژهەڵاتی لوبنان و لەئەنجامی بۆردومانكردنی شارۆچكەكە، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی كوژران و بریندار بوون.

لەناو قوربانییەكاندا، 17 ئەندامی یەك خێزان هەن، كە بەهۆی بۆردومانەكەی ئیسرائیلەوە، خانووەكەیان بە تەواوەتی خاپوور بوو.

ماوەی چەند رۆژێكە سوپای ئیسرائیل بەچڕی ناوچەكانی باشووری لوبنان و باشووری بەیروت-ی پایتەخت بۆردومان دەكات و بەهۆیەوە تائێستا 820 كەس كوژراون و زیاتر لە دوو هەزارو 560 كەسی دیكەش بریندار بوون، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەسی دیكە، رۆژی هەینی رابردووش لەئەنجامی بۆردومانكردنی باڵەخانەیەك لە باشووری بەیروت كە بارەگای سەرەكیی حزبوڵڵا بوو، حەسن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی ئەو حزبەو چەند سەركردەو فەرماندەیەكی دیكەی حزبەكە كوژران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن