وڵاتانی جیهان هاوكاری بەپەلە رەوانەی لوبنان دەكەن

جیهان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 121

راچڵەكین -

چەندین وڵاتی عەرەبی و جیهانی بڕیاریانداوە هاوكاری دارایی و كۆمەكی مرۆیی بەشێوەیەكی خێرا رەوانەی لوبنان بكەن ، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، ژمارەی قوربانیانی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل، گەیشتە زیاتر لە هەزار كوژراوو شەش هەزار بریندار.

میدیای فەرمی ئیمارات بڵاویكردەوە، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان، سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بەبڕی 100 ملیۆن دۆلار هاوكاری بەپەلە رەوانەی لوبنان بكرێت، هاوكات یەكێتی ئەوروپا بڕی 10 ملیۆن یۆرۆو كەنەداش بڕی 10 ملیۆن دۆلاریان وەك هاوكاری بەپەلە بۆ لوبنان تەرخانكرد.

جگە لە عیراق، كە لەچەند رۆژی رابردوودا دەیان تۆن هاوكاری و كۆمەكی مرۆیی و پزیشكی رەوانەی لوبنان كرد، چەندین ولاتی دیكەی عەرەبی و جیهانییش بڕیاریانداوە بەهانای گەلی لوبنانەوە بچن و هاوكاری جۆراوجۆریان پێشكەش بكەن.

لەنوێترین راگەیەندراویشدا كە ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی تەندروستی لاوبنان بڵاویكردەوە، ژمارەی قوربانیانی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە، گەیشتە زیاتر هەزار كوژراوو شەش هەزار بریندار، جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە یەك ملیۆن هاووڵاتی نیشتەجێی باشووری لوبنان، كە بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە زیانی گەورە بەر ناوچەكانیان كەوتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن