راچڵەکین-
وتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی مزگەوتی رەشاد موفتیی هەولێرەوە بڵاوکردەوە.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی
لیستی 129ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: بەداخەوە
جارێکی تر لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، بەهۆی ترس لەهەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لە
ماوەی چەند ڕۆژێکدا، دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی
هەڵبژاردن دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: دیارە،
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لەکاتی بەشداری کردنی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە پرسەی
کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی ( قەهاری سابیر
عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی
مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو ، شاڵاو
کۆسرەت رەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە ئەم
ئاکارە ناشیرینە لە بازاڕی هەولێر و لە حەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە.
باسی لەوەشکرد: دواتر پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت
لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن، تەواوی ئەو کار و
کردەوانە بە هەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە
کاتی خۆیدا، ئەم کردارانەش بەڕوونی ترسن لە هەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی
خۆیانن، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانییان دەکات.
کاروان گەزنەیی جەختی لەوەشکردەوە: جارێکی تر، وەکو یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان، جەخت لە بانگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوە و داواکارین
لە هەموو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بەڕێوەببەن.