راچڵەکین
پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پارێزگای حەلەب بە سەرکردایەتی گرووپی تەحریری شام بەردەوامە و رێگەی نێوان دیمەش و حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە تەنیا یەک کیلۆمەتر لە شاری حەلەب دوورن.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا لەبارەی پێکدادانی نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حکومەتی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، "رێگەی سەرەکیی دیمەشق-حەلەبیان داخستووە."
ئاماژەیان بەوەش کرد، "دوای ئەوەی رێگەکە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریا کرایەوە، ئێستا رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆی پێدا بکات."
جگە لەو رێگەیە، گرووپە چەکدارەکان رێگەی نێوان حەلەب و لازقییەشیان داخستووە.
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دەستەی تەحریری شام هێرشی کردە سەر زیاتر لە 10 پێگەی سوپای سووریا.
بەر لە هێرشەکە سوپای سووریا بە هاوکاریی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری ئیدلب چڕ کردەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان پێکدادانەکە بووەتە هۆی کوژرانی 102 چەکداری هێزەکانی تەحریری شام و 19 چەکداری گرووپە هاوپەیمانەکانی دیکە، هەروەها باس لە کوژرانی 61 سەربازی سوپای سووریا و بەدیلگرینی پێنجی دیکەیان دەکرێت.
بۆ یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2020 دەستەی تەحریر شام ئەوەندە پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا دەکات، بەتایبەت دوای ئەو ساڵەی کە هەریەکە لە رووسیا کە پاڵپشتی لە ئەسەد دەکات و تورکیا کە پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەکات، ئاگربەستیان راگەیاند.
هـ . یـ