راچڵەکین
وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا دەکات و بەنیازە لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکاندا تاوتوێی دۆخی سوریا بکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای سەردانەکانی بۆ سوریا و تورکیا، بڕیارە دوو سبەی سەردانی بەغدا بکات و لە بارەی پێشهاتەکانی سوریاوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا گفتوگۆ بکات.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر دوایین پێشهاتەکانی سوریا دەبێت، بەو پێیەی لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق راستەوخۆ چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کەوتووە.
عراقچی لە سوریا و تورکیاش جەختی لەسەر پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ حکومەتی سوریا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووەتەوە، ئەمەشی بە پاراستنی ئاساییشی ناوچەکە وەسف کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، "زۆرێک لە کێشەکانی ناوچەکە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوەیە، گەڕانەوەی تیرۆریستان لە سوریا ئاسایشی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسی و بەردەوامبوونی دۆخەکە کاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دەبێت".
هـ . یـ