راچڵەکین - سەربەست نەجمەدین
بەرنامەی "گرینود" ماوەیەکی زۆربوو لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەکارهێنەرێکی زۆری هەبوو، دەرکەوت ساختەیە و سەدان دەفتەر دۆلاریشی برد.
کاری ئەم بەرنامەیە ئەوەبوو کە لە وڵاتانی جیهان سکۆتەری دەدا بە کرێ، کوردەکانیش پارەیان خستبووە ناو بەرنامەکەوە وەک پشک زۆرترین سکۆتەریان هەڵگرتبوو، کە لە هەفتەکەدا چوار رۆژ پارەیان وەردەگرت لەلایەن بەرنامەکەوە، چونکە ئەو پارەیەی سکۆتەرەکەی پێدەدرا بە کرێ، بۆ بەشداربوو دەهاتەوە وەک قازانج.
بەڵام لە چرکەساتێکدا بەرنامەکە وەستا و لەکارکەوت، کەسیش نازانێ کێ خاوەنیەتی و کێ بەرنامەکە بەڕێوەدەبات، لێرەولەوێ دەنگۆ هەبوو کۆمپانیاکە وەک ئوستوڕالی خۆی ناونوس کردبوو.
لە ئێستادا ئەوەی دەرکەوتووە بەشێوەیەکی سەرەتایی 600 دەفتەر دۆلاری خەڵکی کوردستانی تێدابووەو پارەکانیان فەوتاوە، دەنگۆش هەیە لەدوای سەریساڵ بەرنامەکە بە مەرج دەیکاتەوەو دەبێت هەر بەشداربویەک پارەی دیکە بخاتە ناو بەرنامەکەوە کە ئەمەش دوبارە خەڵکەکە دەخاتەوە هەڵە.