راچڵەکین-
دەزگای ئاسایشی هەرێم، پەیوەست بە کارتە بانکییەکان چەند رێنماییەک بۆ بەکارهێنەرانی کارتە بانکییەکان لەکاتی گەشتەکانیان لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کارتە بانکییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، گەشتیار جگە لەکارتی بانکی خۆی نابێت هەڵگری هیچ کارتێکی بانکی تربێت، بەپێچەوانەوە تۆمەتبارە بەیاسای سپیکردنەوەی دراو و پارەدارکردنی تیرۆر ژمارە 39ـی ساڵی 2015 لە یاسای سزادانی عێراقی.
ئەوەش خراوەتە روو، ئەگەر گەشتیارێک هەڵگری چەند کارتێکی بانکی بوو کەبەناوی خۆییەوە نەبوو، گەشتیار و خاوەنی کارتەکان بەرپرسیارن بەرامبەر بەیاسا و کارتە بانکییەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت و بلۆک دەکرێن.
لە خاڵێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، کڕینەوە یان بەکرێدانی کارتە بانکییەکان کارێکی نایاسایی یە، بەپێچەوانەوە مامەڵەکار و خاوەنی کارتەکە رووبەووی یاسا دەکرێنەوە.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە،" داواکارین لە هاوڵاتیان پارێزگاری لە بەڵگەنامە کەسییەکانیان بکەن، رێگە نەدەن بەکار بهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە".