راچڵەکین-
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هۆشداری لەبارەی مووچەی مانگی 12 دەدات و رایگەیاند، ئەگەر ئەمڕۆ و سبەینێ خشتەی مووچەی مانگی 12 رانەگەینرێت و پابەندی پلەبەرزكردنەوە نەبن خۆپیشاندان دەبەنە هەولێر.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوە کرد، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمڕۆ و سبەینێ لیستی مووچەی مانگی 12 بڵاونەکاتەوە و تا رۆژی شەممە 8ـی ئەم مانگە پابەندبوونی خۆی بە پلەبەرزکردنەوە و داوا رەواکانی تری مانگرتووانەوە رانەگەیەنێت کە خۆیان هۆکارن نەک بەغداد، ئەوا ئەوان رۆژی 9ـی ئەم مانگە هەولێر ناوەندی بڕیارەکان دەکەن بە پایتەختی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیانو خۆپیشاندانەکان دەگوازنەوە بۆ هەولێر.
دەقی راگەیەنراوەكە:
هۆشداریی بۆ دەسەڵاتی هەولێر
سەرباری 10 ساڵ لە خەباتی مەدەنیی مامۆستایان؛ لەوانە:
(بایکۆت، بەیاننامە و ڕاگەیەنراو، هەڵمەتی هاشتاگ، خۆپیشاندان، خێمە هەڵدان، شەهیدبوونی چەندین خۆپیشاندەر، سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداد، سکاڵا تۆمارکردن، سەردانی UN و باڵیۆز و کونسوڵخانەکان، ناردنی پەیام و ڕاپۆرت بۆ بەرپرسان و پەرلەمان و ڕێکخراوە جیهانییەکان، …تاد) دوواهەمینیان (مانگرتنی کۆمەڵێک هاوڕێمانه لە خواردن و خواردنەوە لەبەردەم نووسینگەی UN لە سلێمانی)؛
دەسەڵات لەم 10 ساڵەدا نەک نەهاتوونەتە ژێرباری جێبەجێکردنی هیچکام له داوا رەوا و سەرەتاییەکانمان کە لە ئێستادا هاوڕێیانمان ماوەی 8 رۆژە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، لەپێناو جێبەجێکردنیاندا؛ وەک:
پلەبەرزکردنەوە
بەنیشتمانیکردنی مووچەکانمان (توگین).
دیاریکردنی چارەنووسی مووچەپاشەکەوتکراوەکان.
پێدانی مووچەی 30 ڕۆژ جارێک.
گێڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کورد و مووچەخۆران.
سەرباری ئەوەش؛ لەم ماوە زۆرەی خەباتە مەدەنییەکانمان؛ بەردەوام لە هەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتی ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان و نەنگیدانانە پاڵ خەباتەکەماندا بوون و دەیان تۆمەتی ناڕەوایان داوەتە پاڵمان.
لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت پێدانی مووچەی مانگی 12 دیزەبەدەرخۆنە بکەن و خۆیانی لێ بدزنەوە.
هەر بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین؛ دەسەڵات ئەمڕۆ و سبەینێ لیستی مووچەی مانگی 12 بڵاونەکاتەوە و بەزوویی و تا رۆژی شەممە 8-2 پابەندبوونی خۆی بە پلەبەرزکردنەوە و داوا ڕەواکانی تری مانگرتووانەوە رانەگەیەنێت کە خۆیان هۆکارن نەک بەغداد ئەوا ڕۆژی یەکشەممە 9-2 لە هەولێر ، ناوەندی بڕیارەکان دەکەین بە پایتەختی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە بە لێشاو ڕووی تێدەکەین. هاوکات بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام دەبێت.
بۆ ئەم مەبەستە داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران و مرۆڤە ویژدانساغەکانی هەولێری هۆلاکۆبەزێن و دهۆکی مەردایەتی و حیزبە سیاسیی و رێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەین، هاوکار و پشتیوانمان بن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
٤ی ٢ی ٢٠٢٥