راچڵەکین-
چاوەڕوان دەکرێت کە کۆمپانیای نەوتی بریتیش پترۆلیۆم بە بەهای 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی کەرکوکدا بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت کە کۆمپانیای نەوتی بریتیش پیترۆلیۆم لە ماوەی تەمەنی پڕۆژەیەکدا تا 25 ملیار دۆلار خەرج بکات بۆ دووبارە گەشەپێدانی چوار کێڵگەی نەوت و غازی کەرکوک.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، ئەوەش پێشکەوتنێکە بۆ عێراق کە وەبەرهێنان بەهۆی چەندین ساڵ شەڕ و گەندەڵی و گرژییە تائیفیەکانەوە تێیدا سنووردار بووە، لەمەودوا سنوردارێتی نامێنێت و ژێرخانی ئابووری نەوتی عێراق گەشەیەکی فراوانتر بەخۆیەوە دەبینێت.
هاوکات بەپێی سەرچاوەی ئاژانسەکە، بڕیارە لە نیوەی یەکەمی مانگی شوباتدا گرێبەستەکە واژۆ بکرێت، ئامانجی پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانای وەبەرهێنانە بۆ 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ماوەی دوو ساڵدا.