راچڵەکین-
ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات، لە بڕگەی یەکەمی
كۆبوونەوەكەشدا، بە پێنج خاڵ بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێت.
بە گوێرەی راگەیاندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەمڕۆ
چوارشەممە، ئەنجوومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و
سێ بڕگە تاووتوێ دەكات.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا
بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێت كە بریتین لە:
1- رێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.
2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
(بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.
3- پەسەندکردنی رێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی
ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.
4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.
5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە.
لە بڕگەی
دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە
یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی
نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی
سێیەمدا رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی
گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
هـ . یـ