وادەی رەوانەكردنی لیستی مووچەی مانگی 3 بۆ بەغدا ئاشكرا دەكرێت

ئابوری

15/03/2025     ژمارەی بینراو 749

راچڵەكین-

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ رەوانەكردنی لیستی مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەران بەسیستمی پایرۆڵ بۆ بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە 15-3-2025 لە بەشی ژمێریاریی فەرمانگەكان و وەزارەتەكان و گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی  دەوام دەكرێ، تا لیستی مووچەی مانگی سێ بە سیستەمی پایرۆل ئامادە بكرێت.

بڕیارە سبەینێ یەكشەممە 16/3/2025، پێش كاتژمێر 11:00ی پیشنیوەڕۆ، لیستی مووچەی سیستەمی پایرۆلی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان لەلایەن گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی پەسەند بكرێت بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدا بكرێت. وەك میدیاكانی نزیك لەپارتی بڵاویانكردووەتەوە.

پێشتر، رێباز حەملان، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاندبوو، وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم راسپێردراون لیستی مووچە بەپێی سیستمی نوێ ئامادەبكەن.

وتیشی، وەزارەتی دارایی هەرێم ئەم مانگەش هەمان لیستی مووچەی مانگی دوو دەنێرێت بۆ بەغدا تا كێشەی بۆ دروستنەبێت.

لە لیستی مووچەی مانگی 3 هیچ گۆڕانكارییەك لە زیادبوونی دەرماڵە و گۆڕانكاری بڕوانامە و سەرمووچە ناكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن