محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق
راچڵەكین -
سەرۆكی حكومەتی عیراق بڕیاریدا هاوكاریی بەپەلە رەوانەی ئێران بكرێت بەهۆی ئەو تەقینەوە بەهێزەی كە لە بەندەرێكی باشووری ئەو وڵاتە روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون سەدان كەس.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، وەزیری ناوخۆم راسپاردووە پەیوەندی بە وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە بكات بۆ ئاگاداربوون لە تەقینەوەكەی بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس و پێشكەشكردنی هاوكاریی بەپەلە.
ئەمڕۆ شەممە، تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس-ی باشووری ئێران روویدا و بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەكانی ئەو وڵاتە، لەئەنجامی تەقینەوەكەدا چواركەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 560 كەسی دیكەش بریندار بوون، جگە لە زیانێكی زۆری دارایی كە بەر شوێنی تەقینەوەكە كەوت.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە میدیاكانی ناوخۆی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، تەقینەوەكە لەناو كۆگایەك روویداوەو بەهۆیەوە كۆگاكە بەتەواوەتی خاپوور بووە.