راچڵەكین -
بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، زەوی نیشتەجێبوون بەسەر ئەو پزیشك و كارمەندانەی كەرتی تەندروستی دابەشدەكرێت كە بەركەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ توشبووانی پەتای كۆرۆنا هەبووە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانكردنی زەوی پێویست بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان).
پێدانی زەوی نیشتەجێبوون، تەنها ئەو پزیشك و كارمەندانەی تەندروستی دەگرێتەوە كە لەكاتی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بەركەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ توشبووان هەبووە.
سودانی، لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی راسپاردووە بەمەبەستی ئامادەكردنی لیستێك بەناوی ئەو پزیشك و كارمەندانەی كەرتی تەندروستی، كە تائێستا لە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوون، بۆ ئەوەی ناویان بخرێتە لیستی سوودمەندبووان.