ڕاچڵەکین سپۆرت -
پێدری یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە پەیامێکی توندی ئاراستەی یۆفا کرد سەبارەت بە ئاستە مشتومڕاوییەکەی سیمۆن مارچینیاکی ناوبژیوانی پۆڵەندی لە یارییەکەی شەوی ڕابردووی بلاوگارانا بەرامبەر ئینتەرمیلان.
ڕۆژنامەکانی کەتەلۆنیا زیاتر ڕەخنەیان لە مارچینیاک دەگرت بۆ گۆڵی یەکسانکردنی ئینتەرمیلان لە کاتی زیادکراودا، پێیان وایە دۆمۆفریس لە جیرارد مارتنی داوە و هەورەها لێدانێکی سزا بۆ لامین هەژمار نەکراوە.
پێدری دوای یارییەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە یۆفا بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەم ناوبژیوانە بکات و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکات، ئەمە یەکەمجار نییە لەگەڵیدا ئەمە بەسەر ئێمەدا بێت، منیش لەگەڵ فلیک هاوڕام، هەموو ئەو بڕیارانەی جێی پرسیار بوون لە بەرژەوەندی ئینتەرمیلاندا بوون.
یاریزانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مخیتاریان کارتی زەردی وەرگرت بەهۆی لێدانی لامین یامال و دەکرا کارتی سوور وەربگرێت، دەکرا لێدانی سزا بدرێت، بەڕوونی بێزارین، بەڵام دەبێت لاپەڕەکە بگەڕێنینەوە و سەرنجمان لەسەر کلاسیکۆ بێت، دەبێت سەرکەوتن بەدەست بهێنین و لالیگا ببەینەوە.
یاریزانە ناوەراستەکەی بەرشەلۆنە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: بەڵێ ماڵئاواییکردنەکە زۆر سەخت بوو، بەڵام وەرزی داهاتوو بەهێزتر دەگەڕێینەوە، ئەمشەو هەموو شتێکمان بەخشی و شایەنی سەرکەوتن بووین، بەڵام دەبێت فێربین لەوەی ڕوویدا.