راچڵەكین -
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەنجامی كۆنگرەكەی بڵاودەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەو كۆتایی هێنان بە خەباتی چەكداریی دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025، پارتی كرێكارانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی 12یەمین كۆنگرەی خۆی بڵاوكردەوەو تێیدا بڕیاری كۆتایی دەركرد لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری.
پەكەكە بڕیاریداوە پێكەری حزبەكە هەڵبوەشێنێتەوەو هەموو جۆرە چالاكییەك لەژێر ناوی پەكەكە كۆتایی پێبهێنێت، هاوكات لە فۆڕمێكی نوێوە بەدەوامیی بە خەباتی سیاسی بدات.
كۆنگرەی 12یەمینی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە رۆژانی ( 5 - 7)ی ئەم مانگە لەسەر بانگەوزای عەبدوڵڵا ئۆجەلان ریێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بەڕێوەچوو، وەك لە راگەیەندراوەكەی پەكەكەدا هاتووە، سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ و هێرشی ئاسمانی و زەمینیی بەردەوام و لە هەلومەرجێكی سەختدا، كۆنگرەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو، كە بە هۆكاری ئەمنی، لە یەك كاتدا و لە دوو ناوچەی جیاواز بەسترا و 232 نوێنەر تێیدا بەشدار بوون.