راچڵەكین-
پارێزگاری هەولێر لەسەر بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە"دەبێت فڕۆكەخانەی هەولێر چۆڵبكرێت و كەسیش نزیكی شەقامی 120 مەتری شارەكە نەبێتەوە."
دەڵێت: " دەنگەكە بە ژیری دەستكرد دروستكراوەو بابەتەكە دوورە لە راستییەوە".
شەوی رابردوو، پەیامێكی دەنگی لە وەتسئەپ بڵاوبووەوە كە كەسێك دەڵێت: "هەموو لایەك ماندوو نەبن...ئاگاداركراوینەتەوە كە فڕۆكەخانەی هەولێر چۆڵبكرێت لە هەموو شتێك، لە پۆلیس و لە ئاسایش؛ تەنانەت هەموو تۆمارە گرنگەكان دەربهێندرێن؛ بۆیە بە هیچ شێوازێك نزیكی لای فڕۆكەخانە و شەقامی 120 مەتری هەولێر مەبنەوە".
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "بەداخەوە تۆمارێكی دەنگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە و بە نامەی تایبەتیش لە گرووپ و نامەكانی واتسئاب بۆ یەكتر دەنێردرێن. لەو تۆمارە دەنگییەدا باسی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەكرێت، پێتان رادەگەینین، ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و بە هیچ جۆرێك وانییە".
پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: "ئەو كارە كەسانی خۆفرۆشی سەر بە لایەنێكی دیاریكراو بە شێوازی ئەی ئای (ژیریی دەستكرد) دروستیانكردووە و وەك ستوونی پێنجەم خەریكی خیانەتكردنن، وەك پیشەی هەمیشەییان".
ئومێد خۆشناون دەڵێت"هاوڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە كە دۆخەكە تاوەكو ئێستا ئاساییە و هیچ مەترسییەك لەسەر هیچ شوێنێكی كوردستان نییە".
پارێزگاری هەولێر جەخت دەكاتەوە، لێكۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی دەنگەكە دەكەن و بكەرانی رووبەڕووی "سزای تووند"ی یاسایی دەكەنەوە. هاوكات داوا لەهاوڵاتیان دەكات:"تەنیا پشت بە هەواڵی دەزگە و كەناڵە فەرمییەكان ببەستن."