ئایشەشان ئەو خانمەی لەلایەن كەسوكارەكەی بێبەری كرا

مەڵتی میدیا

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 858

راچڵەكین-

دوای تێپەڕبوونی 29 ساڵ بەسەر كۆچی دواییدا، دواجارو لەسەر وەسێتی خۆی تەرمی ئایشەشان، خانمە هونەرمەندی باكووری كوردستان، گواسترایەوە ئامەدو لە گۆڕستانی یەنیكۆی لە ناوچەی رەزا بەخاك سپێردرا.

ئایشەشان، بەخانمێكی رەچەشكێن و بوێری سەردەمی خۆی سەیر دەكرێت، ئەم خانمە كوردە، تەمەن و ژیانی خۆی كردە قوربانی هونەرەكەیی و لەپێناویدا گیانی سپارد.

ئایشەشان، ناوی تەواوی (ئایشەشان عوسمان) ە ساڵی 1938 لە شاری ئامەد لەدایك بووە، لەخانەوادەیەكی ئایینی لەدایكبووە، هەر ئەوەش وایكردووە دژایەتی بكرێت و رێگری لێبكرێت و گۆرانی ووتنی لێ قەدەغە بكەن بەتایبەت هاوسەرو كەسوكاری هاوسەرەكەی، بەڵام ئەو هەڵوێستە، ئایشەشان-ی رانەگرت، هەربۆیە لەلایەن خانەوادەكەیەوە بێبەری كراو دوورخرایەوە.

ئایشەشان ساڵی ساڵی 1963 بە یارمەتیی (نائیل بایشوور) لە ڕادیۆی عەنتاب، بە زمانی توركی گۆرانی وتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئارەزووی ئەو بۆ گۆرانی كوردی بێكۆتا بوو لە ڕادیۆی عەنتاب دەركرا پاشان لە ساڵی 1963 دەچێتە ئەستەمبۆل لەوێ گۆرانی كوردی و توركی دەڵێت بەڵام لەوێش دەكەوێتە ژێر فشارو لەلایەن خانەوادەكەیەوە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرێت، بەهۆیەوە توركیا بەرەو ئەڵمانیا جێدەهێڵێت.

ئایشەشان ماوەیەك لەئەڵمانیا دەمێنێتەوە، بەڵام كۆچی دوای كچە (18) ساڵییەكەی، جارێكی تر بەرگی خەم دەكاتەوە بەری ئایشەشان و تووشی خەمۆكییەكی زۆری دەكات، گۆرانی (قەدەر)یش گوزارشت لەمەرگی كچەكەیی و ئازاری ناخی دەكات.

ساڵی 1979  ئایشەشان ڕوو لەعیراق دەكات و بۆ ماوەیەك لە ڕادیۆی كوردی بەغدا كار دەكات، پاشان دەچێتە شاری  هەولێر لەوێ دەژی و لەنێوان بەغداو هەولێر درێژە بە ژیانی دەدات.

 كاتێك لەبەغدا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێ داوادەكات لە زێدی خۆی بەخاك بسپێردرێت، ساڵی1994بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئامەد دەدات، كەسوكارو  خزمانی هاوسەرەكەی ڕێگەی گەڕانەوەی پێنادەن، بەناچاری لەنەخۆشخانەیەكی شاری ئیزمیر دەمێنێتەوەوە رۆژی 18\12\1996لە شاری ئیزمیر كۆچی دوایی دەكات. 

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن