پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئامێری پشكنینی تیشكدانەوە ئەتۆمییەكانیان روونكردنەوە دەدات

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 248

راچڵەكین -

پارێزگاری سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی دانانی ئامێری پشكنینی تیشكدانەوە ئەتۆمییەكانیان لە هەموو پارێزگاكانی عیراق، دەدات و رایدەگەیەنێت: 10 ساڵ لەمەوبەر لەسەر ئەركی حكومەتی فیدراڵ ئەم ئامێرە بۆ فەرمانگای ژینگەی پارێزگای سلێمانی دابینكراوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەو روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی 20-6-2025 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە كە تا ئێستا هیچ ئاماژەو مەترسییەكی تیشكدانەوە لە سلێمانی تۆمارنەكراوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕونكردنەوەیەكی پێویست

ئەمڕۆ، دەستەی چاودێریی ئەتۆمیی عێراقی: لە ڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردۆتەوە: كە لە ئەگەری هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پشكنین بۆ گەیشتنی كاریگەریی تیشكدانەوەكان لە عێراقدا؛ دەكرێت و ئامێری پشكنینی تیشكدانەوە ئەتۆمییەكانیان لە هەموو پارێزگاكانی عیراق دانراوە، لەم بارەیەوە ژمارەیەكی زۆر لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن پەیوەندییان پێوەكردوین كە ئایا ئامێرێكی لەو شێوەیە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوە؟

لێرەوە بۆ هەموو لایەكی ڕوندەكەینەوە؛ كە لە دە ساڵ لەمەوبەرەوە لەسەر ئەركی حكومەتی فیدراڵ ئەم ئامێرە بۆ فەرمانگای ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی دابینكراوەو بە سوپاسەوە بەبەردەوامیی تیمی پسپۆڕی فەرمانگای ژینگەی سلێمانی چاودێریی و پشكنین و كاریپێدەكات و لە ئێستاشدا بەهۆی ئەم دۆخانەی لە ناوچەكەدا هەن، بەردەوامن لەسەر ئەرك و كارەكانیان و تا ئێستا هیچ ئاماژەو مەترسییەكی تیشكدانەوەیان تۆمارنەكردووە، ئەم ڕونكردنەوەیە بۆ دڵنیاكردنەوەی هەمووانە، نەك بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن